لێکۆڵەرانی کورد و بیانی لەبارەی فولکلۆری کوردییەوە گفتوگۆیان کرد

07:21 - 2022-11-02
کوردستان
553 جار خوێندراوەتەوە

27 و 28 مانگی ئۆکتۆبەر، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی (فولکلۆری کوردی وەک میراتی جیهانی: زمان، موزیک، و ئەرشیف) لە لایەن هەردوو زانکۆی ئێکسێتێری بەریتانیا و یەگلۆنیسکیا، بە سەرپەرشتی دکتۆر فەرەنگیس قادری و دکتۆر یۆوانا بۆخێنسکا لە شاری کراکۆڤ بەڕێوەچوو. 

لەم کۆنفرانسەدا ئەنستیتۆی کەلەپوری کوردی و وەقفا مێزۆپۆتامیا وەک پارتنەر بەشداربوون و چەندین لێکۆڵەر و ئەرشیفکاریان دەستنیشان کردبوو بۆ بەشداربوون.

ئارشیفکاران و بەرهەڤکارانی فۆلکلۆر و لێکۆڵەران لە بەشەکانی جیاوازی کوردستان، لە خوراسان و خانەقین ، بە زمانی کوردی (کرمانجی، بادینی، سۆرانی، کەلهۆری، هەورامی، و زازاکی) ئەزموون و لێکۆڵینەوەی خۆیان باسکرد و کۆمەڵێک مامۆستای بیانی لە زانکۆکانی ئۆسڵۆ، بەلژیک، ئەمریکا، بەریتانیا، و ئیتالیا بەهەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی وتاریان پێشکەشکرد.

هەروەها مۆزەخانەی ئێتنۆگرافی کراکۆڤ لە رۆژی دووهەمی کۆنفرانس بەشداربوون، دوای سەردانی مۆزەخانە و پیشاندانی بەشێکی بچووک تایبەت بە کوردستان لە مۆزەخانەکەدا، ئەزموونی خۆیان پێشکەشکرد و خاڵی هاوبەشی ئەزموونی پۆڵۆنیا و کوردستانیان باسکرد و ئامادەییان دەڕبڕی بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ سەنتەرەکانی کەلەپوری کوردستاندا. 

دکتۆر فەرەنگیس قادری، مامۆستا و لێکۆڵەر لە زانکۆی ئێکسێتێر، وتی: ئەم کۆنفرانسە ئەزموونێکی تایبەت و سەرکەوتوو بوو بۆ یەکەمجار لێکۆڵەری کورد و بیانی بە پسپۆڕی لە زاراوە جیاوازەکانی کوردی لە سەر فولکلۆری کوردی گفتگۆیان کرد و چەندین پێشنیاز بۆ کاری پڕۆژەی هاوبەش تاوتوێکرا.




بابەتە پەیوەندیدارەکان